دەستەی ڕاویژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق
هەواڵەکان
دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەورووپا لە عێراق (EUAM Iraq) پێدەنێتە ناو خولی شەشەمی مەودای ئەرکی خۆیەوە، و بەردەوامە لە پشتگیریکردنی چاكسازیی کەرتی ئاسایشی عێراق.

دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەورووپا لە عێراق (EUAM Iraq) پێدەنێتە ناو خولی شەشەمی مەودای ئەرکی خۆیەوە، و بەردەوامە لە پشتگیریکردنی چاكسازیی کەرتی ئاسایشی عێراق.

 

دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەورووپا لە عێراق (EUAM Iraq) هەنگاوی نایە ناو خولی شەشەمی بواری ئەرکی خۆیەوە، و جارێکی تر جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆی دەکاتەوە بۆ پشتگیریکردنی عێراق لە بەهێزکردنی دامەزراوە ئاسایشییەکان و بەرەوپێشبردنی چاکسازی کەرتی ئاسایش. ئەنجومەنی یەکێتیی ئەورووپا (EU) لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا بڕیارێکی پەسەند کرد بۆ درێژکردنەوەی مەودای ئەرکی دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق (EUAM Iraq) بۆ ماوەی دوو ساڵی تر. ئەم ئەرکە نوێیە کە لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ تاوەکو ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٨ بەڕێوەدەچێت، بە فەرمی لە ڕێگەی مەراسیمێکی دەستپێکردنەوە لە بەغدا لە ٣ی تشرینی دووەمدا یاد کرایەوە، کە تێیدا هاوبەشە عێراقی و ئەورووپییەکان کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی قۆناغی داهاتووی هاوکاری و هەماهەنگییەکانیان.

درێژکردنەوەی ئەرکی دەستەکە نیشانەی پابەندبوونی یەکێتیی ئەورووپایە بۆ پشتگیریکردنی عێراق. کارەکانی دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا بەردەوام دەبێت لەسەر بنەمای دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان و ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی کە لە مەودای ئەرکەکانی پێشوودا پەرەیان پێدراوە.

لە ژێر ڕۆشنایی ئەرکە نوێیەکەیدا، دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق جەخت دەکاتە سەر چوار بواری سەرەکی: چاکسازیی کەرتی ئاسایش (SSR) و جێبەجێکردنی ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی (NSS)، پێشگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەویی توندوتیژ (PCVE)، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (CT) و تاوانی ڕێکخراو (OC). لە ڕێگەی پێشکەشکردنی ڕاوێژ و پسپۆڕیی ستراتیژییەوە، دەستەکە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە ئاسایشییەکانی عێراق و بەشداریکردن لە دروستکردنی کەرتێکی ئاسایشی کاریگەرتر و هەماهەنگکراوتر، بە هاوکاریی نزیک لەگەڵ دام و دەزگا عێراقییەکاندا.

لە تەواوی هەر چوار بوارەکەدا، دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عیراق مرۆڤ وەک چەق و ناوەندی ئاسایش بەهەند وەردەگرێت. مافەکانی مرۆڤ، بەشداریکردنی ئافرەتان و پاراستنی ژینگە لە پێشینەی هەموو کارەکاندا دەمێننەوە لە گشت بوارە جیاوازەکان. بە ڕەچاوکردنی ئەم پرنسیبانە لە کارەکانیدا، ئامانجی دەستەی ڕاوێژکاری پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی پەرەپێدانی ئەو دامەزراوە ئاسایشییانەیە کە گشتگیرتر، وەڵامدەرتر و بەپرسیارترن بەرامبەر پێداویستییەکانی گەلی عێراق.

 

دیاریکردنی دەستپێکی ئەرکێکی نوێ

مەودای ئەرکی شەشەم بە فەرمی لە ڕێگەی چالاکییەکەوە لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ دەستی پێکرد، کە تێیدا نزیکەی ٤٥ بەرپرسی باڵای عێراقی کۆبوونەوە، بە پلەی یەکەم لە وەزارەتی ناوخۆ، نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی (ONSA) و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی (NSS)، لەگەڵ نوێنەرانی نێردەی یەکێتیی ئەورووپا (EUDEL) لە عێراق.

ڕاڵف شروودەر، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "دەستپێکردنی مەودای ئەرکی شەشەممان دەرفەتێکە بۆ بنیاتنان لەسەر ئەو هاوکارییە بەهێزەی لە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان دامەزراوە، لە هەمان کاتدا سەیری ئەو ئاڵەنگاری و کارە لەپێشینانە دەکەین کە لە پێشمانن. کارەکانمان بەپێی ئامانجێکی هاوبەش ئاڕاستە دەکرێن: پشتیوانیکردنی دامەزراوە عێراقییەکان لە پەرەپێدانی سیاسەت و ڕێکارە ئاسایشییەکان کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییە گۆڕاوەکانی وڵات بن. ئێمە بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی بەردەوامبوونی ئەم هاوبەشییە دەکەین لە دوو ساڵی داهاتوودا."

کلیمێنس سێمتنەر، سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەورووپا زیاتر جەختی لە ڕۆڵ و گرنگی دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق (EUAM Iraq) لە سەر ئاستی مەیدانی کردەوە، و ئاماژەی بە پابەندبوونی یەکێتی ئەورووپا کرد بۆ پشتیوانیکردنی پرۆسەی گۆڕانکاریی بەردەوام لە وڵاتدا. جێگری وەزیری ناوخۆ (MoI) و جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی (NSA) لە چالاکییەکەدا وتاریان پێشکەش کرد و جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هاوکارییەکان لەگەڵ دەستەکەدا کردەوە. لە کۆتاییدا، توماس واڵبێرگ، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی (EUAM Iraq)، ڕوونی کردەوە کە چۆن لەپێشینەییەکانی ئەرکە نوێیەکە وەردەگێڕدرێن بۆ چالاکی کرداری و بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکاندا.

 

دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق بە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دوو ساڵی داهاتوو دەکات بە جەختکردنەوەی بەردەوام لەسەر پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانەی کە عێراق سەرکردایەتییان دەکات بۆ بەهێزکردنی کەرتی ئاسایشی وڵاتەکە. لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە شارەزاییەکانی و پاراستنی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ دامەزراوە نیشتمانییەکان، دەستەکە بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردن لە دروستکردنی عێراقێکی سەقامگیرتر و ئارامتردا.

 


 

ئەم بۆستە شێر بکە: (هاوبەشکردنی ئەم بابەتە)
پەیوەندی بەکۆمەڵگاکەمانەوە بکە