دەستەی ڕاویژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق
هەواڵەکان
ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا ڕالف شرۆدەر وەک سەرۆکی نوێی دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق دەستنیشان دەکات
13-07-2025

ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا

  بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی

دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق (EUAM عێراق): دانانی سەرۆکێکی نوێ بۆ دەستەکە  

 

ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا ڕالف شرۆدەر وەک سەرۆکی نوێی دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق دەستنیشانکرد. لە ١٦ی ئابی ٢٠٢٥ دەست بە ئەرکەکانی دەکات.

ڕالف شرۆدەر ئەفسەرێکی باڵای پۆلیسی ئەڵمانیایە و زیاتر لە ٣٠ ساڵ ئەزموونی لە کەرتی ئاسایشدا هەیە، هەروەها پسپۆڕە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. هەروەها ڕالف پۆستی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی هەبووە، لەوانە لە ئەفغانستان و عێراق کە سەرۆکایەتی تیمی ئاسایشی باڵیۆزخانەکەی کردووە، هەروەها لە نوێنەرایەتییە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی وەک نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان (UNMIS) و نوێنەرایەتی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سۆماڵ (UNSOM). ڕالف شرۆدەر لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ەوە جێگری سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتی ئەوروپایە لە عێراق.

 

بڕیارەکە لە ٨ی تەمموزی ٢٠٢٥ لەلایەن لیژنەی سیاسی و ئەمنییەوە دراوە.

 

دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە وەڵامی داواکاری حکومەتی عێراق بۆ پێدانی ڕاوێژ سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی چاکسازی لە کەرتی ئاسایشی مەدەنی دەستی بە کارەکانی کرد. ئەم دەستە مەدەنییە بارەگاکەی لە بەغدایە و نووسینگەیەکی لە هەولێر هەیە. سەرەتا بە ئەرکێکی سەرەتایی یەک ساڵی دەستی پێکرد، کە بە شێوەیەکی ڕێکخراو درێژکرایەوە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی عێراق.

ئەرکی سەرەکی ئەم دەستەیە هاوکاریکردنە لە پەرەپێدانی هەماهەنگی و جێبەجێکردنی ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لەگەڵ ستراتیژییە نیشتمانییە پەیوەندیدارەکان و ئەولەویەتەکانی دیکەی ئاسایشی نیشتمانی. ئەم ئەرکە کە لەلایەن چەندین هاوبەشی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی دەکرێت بریتیە لە دابینکردنی پشتگیری بۆ چاکسازی دامەزراوەیی، بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، پاراستنی میراتی کولتووری، بەڕێوەبردنی گشتگیری سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

 

دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق پابەندە بە پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری بۆ بەرپرسانی نوسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کە کار لەسەر لایەنە مەدەنییەکانی چاکسازی دەکەن لە کەرتی ئاسایشدا. دەستەی ڕاوێژکاری دەتوانێت سەردان لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوخۆیی ئەنجام بدات بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی لە سەرتاسەری وڵات سەبارەت بە چاکسازی لە کەرتی ئاسایشی مەدەنی.

ئەم بۆستە شێر بکە: (هاوبەشکردنی ئەم بابەتە)
پەیوەندی بەکۆمەڵگاکەمانەوە بکە
ئەم بۆبسایتە کۆکیز بەکاردێنێت بۆ پێشکەشکردنی ئەزموونێکی باشتری گەڕان. زیاتر بدۆزەرەوە لەسەر چۆن کووکیز بەکاردێنین.